وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی رێکكەوتن لەسەر پاراستنی كوردانی سوریا گەشبینە

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی رێکكەوتن لەسەر پاراستنی كوردانی سوریا گەشبینە

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا رایگەیاند، گەشبینە بتوانێت كە ڕێككەوتنێك لەگەڵ توركیا ببێتە هۆی پاراستنی شەڕڤانە كوردەكان لە سوریا، دوای كشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لەو وڵاتە.

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئەبوزەبی وتی، "گەلی توركیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا مافی خۆیانە وڵاتەكەیان لە تیرۆرستان بپارێزین، بەڵام ئێمەش ئەوە دەزانین کە ئەو شەڕڤانانەی شان بە شانی ئێمە شەڕیان کردووە شایانی ئەوەن بپارێزرێن".

ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ مەولود چاوشۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا گفتوگۆی کردووە "زۆر وردەكاری هەیە كە دەبێت هێشتا‌ كاریان لەسەربكەین، بەڵام من بەوە گەشبینم كە دەتوانین دەرەنجامێكی باشمان هەبێت".

کۆتایی هەفتەی رابردوو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا سەردانی هەشت وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد لەناویاندا عێراق و هەرێمی کوردستان.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەلایەن کۆشکی سپییەوە راسپێردراوە كە گرنگی سیاسەتی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا ڕوون بكاتەوە دوای ئەوەی ترەمپ رایگەیاند، هەموو هێزەکانیان لە سوریا دەکشێنێتەوە کە ژمارەیان دوو هەزار سەربازە.

بڕیارەکەی ترەمپ نیگەرانی بەشێک لە بەرپرسانی کۆشکی سپی لێکەوتەوە و هاوکات هەریەکە لە جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگری و برێت مەکگۆک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ شەڕی دژی داعش دەستیان لەکارکێشایەوە.

لە رۆژئاوای کوردستانیش نیگەرانی هێزە کوردییەکانی لێکەوتەوە بەتایبەت کە ئەو هێزانە هاوپەیمانی سەرەکی هێزەکانی ئەمەریکا بوون لە شەڕی دژی داعشدا و پێکەوە توانیان رووبەڕێکی فراوانی باکوری سوریا و رۆژهەڵاتی فورات لە دەستی داعش دەربهێنن.

واشنتۆن چەندینجار دووپاتیكردووەتەوە، كە هاوپەیمانە كوردەكانیان پارێزراودەبن سەرەڕای كشانەوەی هێزەكانیان لە سوریا، بەڵام تورکیا هێزە کوردییەکانی رۆژئاوا کە لەلایەن واشنتۆن-ەوە پشتگیری دەكرێت بە دوژمن ناودەبات، و چەندینجاریش رایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆن دژی ئەو هێزانە ئەنجامدەدات.

شەشی ئەم مانگە، جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای سەردانی بۆ ئیسرائیل رایگەیاند، "کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی فورات پەیوەستە بە كۆتاییهێنان بە پاشماوەكانی داعش لەو ناوچەیە و هەروەها دڵنیایی توركیا لە بارەی ئاسایشی شەڕڤانە کوردەکانی سوریا کە هاوپەیمانی ئەمەریکان".

رۆژێک دواتر رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئەو لێدوانەی جۆن بۆڵتنی بە "هەڵەیەکی گەورە" ناوبرد و وتی، "لە بڕیاری هێرشکردنەسەر هێزەکانی یەپەگە پاشگەزنابنەوە".