هەدەپە.. ٣١ـی ئازار رۆژی گۆڕانكاری دەبێت لە توركیا

هەدەپە.. ٣١ـی ئازار رۆژی گۆڕانكاری دەبێت لە توركیا

پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە و پارتی دادو گەشەپێدان ئاكپارتی، لە شارەكانی باكوری كوردستان كۆبوونەوەی جەماوەریان رێكخست، هاوسەرۆكی هەدەپەش، دەڵێت: ٣١ـی ئازار، بۆ توركیا، رۆژی وەرچەرخان دەبێت.

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی گشتیی هەدەپە، لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی جەماوەری پارتەكەی، كە لە شاری بینگۆڵی باكوری كوردستان رێكخرابوو، وتارێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند: بینگۆڵ و شارە كوردیەكانی باكوری كوردستان، وەك پێویست خزمەت نەكراون و دەبێت لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیادا، خەڵك بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و ئیرادەی خۆیان دەربخەن.

وتیشی: لە بینگۆڵ و شارە كوردییەكان كێشەو گرفتی گەورە هەیە، خەڵكیش ئەوە دەبینێت لە بەرئەوە، ٣١ـی ئازار بۆ توركیا، دەبێتە خاڵی وەرچەرخان و گۆڕانكاری.

هاوكات لە شاری موشی باكووری كوردستانیش، كۆبوونەوەی ئاكپارتی بەڕێوەچوو لە وتارێكیشدا ئەردۆغان رایگەیاند: بۆ ئەوەی شەڕی تیرۆر بكرێت و توركیا بەهێز بێت، دەبێت دەنگ بە ئاكپارتی بدرێت.