داوا ده‌كرێت لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دزینى نه‌وتى عێراق له‌ نێو خاكى توركیا بكرێت

داوا ده‌كرێت لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دزینى نه‌وتى عێراق له‌ نێو خاكى توركیا بكرێت

ئه‌ندامێكى لێژنه‌ى نه‌وت و گاز له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق داواى كردووه‌ ، ده‌زگاى هه‌واڵگرى عێراقى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تۆمارێكى ڤیدیۆیى بكات كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت له‌ بۆڕییه‌كانى نه‌وتى عێراق له‌ نێو خاكى توركیا دزى ده‌كرێت .

غالب محه‌ممه‌د عه‌لى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق رایگه‌یاندووه‌ :" چه‌ند لایه‌نێكى جێبه‌جێكار كه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ ژێر ده‌سته‌ڵاتى حكومه‌تى توركى كارناكه‌ن، هه‌ستاون به‌ كونكردنى بۆڕیه‌ نه‌وته‌كانى عێراق كه‌ به‌ خاكى توركیا تێده‌په‌ڕن و ، ئه‌وانیش له‌ بۆڕى سه‌ره‌كى بۆڕى لاوه‌كییان دروستكردووه‌ بۆ دزى رێژه‌یه‌كى زۆرى نه‌وته‌كه‌ " .

روونیشیكردووه‌ته‌وه‌ :" په‌نام بۆ ده‌زگاى هه‌واڵگرى عێراقى بردووه‌ ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیرى نه‌وت و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ و (سى دى) ڤیدیۆكه‌م پێداون ، پڕۆسه‌ى دزینه‌كه‌ پشتراست ده‌كاته‌وه‌ " ، داواشى كرد "به‌رپرسیاریه‌تى پارێزگاریكردن له‌ سامانى نیشتمانى بخه‌نه‌ سه‌ر شانى خۆیان و رێ و شوێنى خێراش بگیرێته‌به‌ر بۆ كۆتایى هێنان به‌م كرداره‌ مه‌ترسیداره‌ و تاڵانكردنى به‌رفروان نه‌وتى عێراق له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى" .

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران داواى لێبوردنیشى كرد له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى ڤیدیۆیه‌كه‌ و ، ته‌نها رێگه‌ى داوه‌ هه‌ندێك وێنه‌ بڵاوبكرێـه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش بۆ پارێزگاریكردنه‌ له‌ نهێنى زانیارییه‌كان .