تەرمی کۆچبەرێکی کورد کە لە تورکیا کوژرا گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان

تەرمی کۆچبەرێکی کورد کە لە تورکیا کوژرا گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان

ئەو کۆچبەرە کوردە ١٩ ساڵیەی لەلایەن هاوڕێیەکیەوە لە شاری ئەدرنەی تورکیا بە چەقۆ کوژرا، تەرمەکەی گەیشتەوە هەولێر و بەرەو سلێمانی بەڕێکرا.

ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بە ماڵپەڕی متمانەی راگەیاند: "تەرمی هۆشمەند خەبات، دوای ئەوەی لە تورکیاوە گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن دەزگای لوتکە و کەسوکارییەوە پێشوازیلێکرا و بەرەو شاری سلێمانی بەڕێکرا."

سەرۆکی دەزگای لوتکە وتیشی: "شەوی ٢٣ لەسەر ٢٤-٣-٢٠١٩ هۆشمەند خەبات محەممەد مەحمود، لەدایکبووی ٢٠٠٠ خەڵکی سلێمانی، لەلایەن هاورێیەکییەوە لە هۆتێلێکی شاری ئەدرنەی تورکیا بە چەقۆ کوژرا."

خەبات محەممەد، باوکی کۆچبەرە کوژراوەکە رایگەیاند، کوڕەکەی هەفتەیەک لەمەوبەر بەمەبەستی کۆچکردن بۆ دەرەوە رووی لە تورکیا کرد، بەڵام شەو لەگەڵ هاوڕێیەکیدا لەنێو ئەو هۆتێلەی لێی دەمایەوە لە شاری ئەدرنەی تورکیا بووەتە شەڕ و دەمەقاڵەیان. هاوڕێکەی چەند چەقۆیەکی لێداوە و بەوهۆیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

ئاری جەلال وتی:"لە پەیوەندیدان لەگەڵ پۆلیسی تورکیا و دەستمان بە رێکارە یاساییەکان کردووە."