تورکیا داوا لە گووگڵ دەکات نەخشەی کوردستان لاببات

تورکیا داوا لە گووگڵ دەکات نەخشەی کوردستان لاببات

وەزیری گەیاندن و ژێرخانی تورکیا رایگەیاند، بۆ لابردنی نەخشەی کوردستان لە بەشی ئینگلیزی نەخشەی گووگڵ سەریان لە بەرپرسانی ئەو دامەزراوەیە داوە.

جاهید تورهان، وەزیری گەیاندن و ژێرخانی تورکیا لە دانیشتنی پەرلەماندا لە وەڵامی پرسیارەکانی بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی رایگەیاندووە "لەلایەن کاربەدەستانی وەزارەتەکەیانەوە بۆ لابردنی ئەو نەخشەیە کە پارچەیەکی تورکیاشی لەنێودایە سەریان لە بەرپرسانی ئەو دامەزراوەیە (گووگڵ) داوە".

وەزیری گەیاندن و ژێرخانی تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە، بەدواداچوون بۆ ئەنجامی داواکارییەکەیان دەکەن و لەگەڵ گووگڵ لەبارەی ئەو پرسە لە پەیوەندی بەردەوامدان.

لە ٢٦ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ یاوز ئاغرالی ئۆغڵو، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی لە پەرلەمانی تورکیا پرسی نەخشەی کوردستان لە بەشی ئینگلیزی نەخشەی گووگڵی خستە پرۆژەی پەرلەمانەوە و لەڕێگەی نووسراوێکی فەرمییەوە کە پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کرد و داوای لە وەزیری گەیاندن کرد وەڵامی چەند پرسیارێک لەسەر ئەو پرسە بداتەوە.