توركیا له‌سه‌ر داوای پارتی گه‌مارۆی سه‌ر ئاسمانی سلێمانی درێژكرده‌وه‌

توركیا له‌سه‌ر داوای پارتی گه‌مارۆی سه‌ر ئاسمانی سلێمانی درێژكرده‌وه‌

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ ته‌ڤگه‌ری ئازادی نزیك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان رایگه‌یاند: " پارتی هۆكاری به‌رده‌وامبوونی گه‌مارۆی سه‌ر ئاسمانی سلێمانی و ئه‌و گوشارانه‌شه‌ كه‌ توركیا ده‌یكاته‌ سه‌ر ناوچه‌كه‌مان".

‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ ته‌ڤگه‌ری ئازادی ڕایگەیاند: "چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ته‌ڤگه‌ری ئازادی سیخوڕێكی پارتی دیموكراتی كوردستانیان له‌ناو رێكخستنه‌كاندا ئاشكرا كردووە كه‌ به‌ نهێنی كاری ده‌كرد بۆ ده‌وڵه‌تی توركیا و پارتی دیموکراتی کوردستان ".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ڕاگەیاندووە: "به‌پێی ئه‌و دۆكومێنتانه‌ی كه‌ له‌ سیخوڕه‌كه‌ی پارتییەوە ده‌ستمان كه‌وتوه‌، گه‌یشتوینه‌ته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ پارتی له‌رێی سیخوڕه‌كانییه‌وه‌ كاری بۆ ئه‌وه‌ كردوه‌ گه‌مارۆكان له‌سه‌ر باشور زیاد بكات و ده‌ستی به‌ هه‌ڤاڵانی شاخ بگات".

سه‌رچاوه‌کە ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه:‌ " یه‌كێك له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی کە ده‌ستمان پێی گه‌یشتوه‌، په‌یوه‌ندییه‌كی نێوان سیخوڕه‌كه‌ و ئه‌فسه‌رێك بووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سلێمانی. له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا، سیخوڕه‌كه‌ زانیاری ئه‌وه‌ی داوه‌ به‌ ئه‌فسه‌ره‌كه‌، كه‌ یه‌كێتیی نیشتیمانیی کوردستان نه‌رمه‌ له‌گه‌ڵ ته‌ڤگه‌ری ئازادی و هاوسۆزه‌ له‌گه‌ڵ مافی خۆسه‌ری دا. سیخوڕه‌كه‌ به‌ ئه‌فسه‌ره‌كه‌ی راگه‌یاندوه‌ كه‌ یه‌كێتی له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا به‌ ته‌ڤگه‌ری ئازادی وتوه‌ باره‌گاكانتان دامه‌خه‌ن، ته‌نها ئاڵاكانتان دابگرن".

سه‌رچاوه‌کە ئه‌وه‌شی ووت: "کە ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ هۆكاری زیاد بونی گوشاره‌كانی دەسەڵاتدارانی توركیایه‌ له‌سه‌ر هه‌ڤاڵانی شاخ و رێكخستنه‌كان له‌ پارێزگای سلێمانی و ناوچه‌كانی تر له‌ باشوری كوردستان."